پەناخوازێکی کوردی ڕۆژهەڵات لە وڵاتی نوروێژ کوژرا

15:00 - 18 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: پەناخوازێکی کورد خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە وڵاتی نوروێژ لەلایەن دەزگیرانەکەیەوە کوژرا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ شەممە ١٧ی گەلاوێژ، تەرمی پەناخوازێکی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە لە کۆمونی \"ئایدسڤوڵ\" لە نزیک شاری ئۆسلۆ لە کاتی پشکنینی ڕووداوی هاتوچۆ، لەلایەن پۆلیسی ئەو شارە دۆزرایەوە.

شوناسی ئەو پەناخوازە کوردە بە\"رۆئیا هاشمی\" تەمەن ٢٤ ساڵ ڕاگەیەندراوە.
رۆئیا هاشمی ساڵی ٢٠١٥ وەکوو پەنابەر ڕووی لە وڵاتی نوروێژ کردبوو.

لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەو باریەوە بۆ زیاتر ڕوون بوونەوەی ئەو ڕووداوە بەردەوامە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، پۆلیسی شاری ئۆسلۆ دەزگیرانی ئەو پەناخوازە کوردەی لە پەیوەندییە لەگەڵ ئەو ڕووداوە دەستبەسەر کردووە.