پەنابەرێکی کورد لە شاری وان کەوتە بەر پەلاماری چەند کەسێکی دەمامکپۆشەوە

15:25 - 28 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد، لە شاری وان سەر بە وڵاتی تورکیە، کەوتە بەر هێرشی چەند کەسێکی دەمامکپۆشی سپای پاسدارانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو ٢٣ی خاکەلێوە، پەنابەرێکی کورد بە ناوی \"سەید ئاکۆ پاداش\" ٢٩ ساڵه کوڕی حوسێن خەڵکی شاری مەباهاد، لە لایەن چەند کەسێک لەدەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسدارانەوە لە شاری وان هەوڵی ڕفاندنی دەدرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"ئەو هاووڵاتییە کوردە، کاتژمێر ۱۰ی شەو بۆ کڕینی کەلوپەلی نێوماڵ لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە نێو شار و لە لایەن چەند کەسێکی چاوبەستراو بە چەقۆ هێرشی دەکرێتە سەری.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، پاش ئاگاداربوونی خەڵک لەو ڕووداوە، ئەو کەسانە ناتوانن ئەو هاووڵاتییە کوردە بڕفێنن و لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نابن.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: \"دوای هاتنی پولیسی شاری وان، جانتایەک کە هێندێک مەدارکی تێدابووە دەدۆزرێتەوە و لەو جانتایە کارتی پێناسەی یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسدارانی تێدا دەبێت و پولیس بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر دەگەڵ خۆی دەیبات\".

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات، کە ئاکۆ ئێستا لەژێر چاوەدێریی پولیسی تورکیەیە و مانگێک پێش ئێستە دوای سەردانی باوکی و گەڕانەوە بۆ شاری مەهاباد، لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر دەکرێت و دوای بێڕێزی و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازاد دەکرێت.

ناوبراو دووساڵ پێش، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە مەهاباد، بە تاوانی سیخوڕی پەلامار دەدرێت، بەڵام دەتوانێ لەو پەلامارە دەرباز بێت و وەکوو پەنابەر لە وڵاتی تورکیە نیشتەجێ بێت.

سەید ئاکۆ وەستای ئارماتۆربەندی بووە و لە سێڕێیانی دارەلەک بۆ پەیمانکارێک کاری کردووە و دوای تەواوبوونی کارەکە بۆی دەرکەوتووە، کە ئەو کارە بۆ سپای پاسدارانی شاری مەهابادە و پەیمانکاری شەخسی گرێبەستی لەگەڵیان بەستووە و یەک نهۆمی ئەو باڵاخانەیە لە بن زەوی بۆ زیندان بەکار دێت و ئەو هاووڵاتییە کوردە لە هەموو ئەو شوێنانە وێنە دەگرێت و دواتر سپای پاسداران ئاگادار دەبێتەوە و پلانی دەسبەسەرکردنی نابراو دادەڕێژن، کە لە هەوڵەکەیان سەرکەوتوو نابێت.

\"\"
پەنابەرێکی کورد لە شاری وان کەوتە بەر پەلاماری چەند کەسێکی دەمامکپۆشەوە


\"\"
پەنابەرێکی کورد لە شاری وان کەوتە بەر پەلاماری چەند کەسێکی دەمامکپۆشەوە