پەنابەرێکی سیاسیی کورد لە وڵاتی تورکیا گیانی لەدەست دا

16:00 - 24 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: پەنابەرێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە بەهۆی فشاری دەزگا ئەمنییەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئیرانەوە زێدی خۆی بەجێ هێشتبوو، لەوڵاتی تورکیا گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رەزا ئەحمەدی چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد و نیشتەجێی شاری \"کاستامونۆ\"ی وڵاتی تورکیا لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵئاوایی لەژیان کرد.

\"17834.jpg\"
رەزا ئەحمەدی چالاکی سیاسیی کوری خەڵکی مەهاباد و نیشتەجێی شاری \"کاستامونۆ\"ی وڵاتی تورکیا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵئاوایی لەژیان کرد
ئەو چالاکە سیاسییە کوردە کە ٣ ساڵ پێش ئێستا بەهۆی فشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە رووی لە وڵاتی تورکیا کردبوو، چەند مانگ پێش ئێستا لەو وڵاتە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، کە رۆژی رابردوو بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە گیانی لەدەست دا.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی فشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەیان چالاکی سیاسی و فەرهەنگیی کورد بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێ هێشتووەو لە وڵاتانی ئوروپایی گیرساونەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە پەنابەران لە وڵاتی تورکیا زۆر جار لەلایەن پۆلیسەوە بەرەوڕووی هەڕەشەی سنوورداش کران دەبنەوە، کۆمیساریای باڵای پەنابەران لەمەڕ پەنابەران ئەوپەڕی کەمتەرخەمی دەنوێنێ، بۆیە زۆر جار پەنابەران بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵسووکەوتی پۆلیس و کۆمیساریای پەنابەران مان لە خواردن دەگرن.