پەنابەرێکی سیاسیی خەڵکی ڕۆژهەڵات، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە هەرێمی کوردستان بە سەختی بریندار بوو

19:05 - 16 جۆزەردان 2722

ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی جۆزەردان، پەنابەرێکی سیاسیی کورد بە ناوی "ئەکبەر سەنجابی" تەمەن ٤٩ ساڵ خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهۆی بومبێکی چێندراو لە ماشینەکەی لە شاری هەولێر، بە سەختی بریندار کرا.

ئەو ڕووداوە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕەکی "سێ تاقان" لە نزیک نووسینگەی نوێنەرایەتیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر ڕوویداوە.

"ئەکبەر سەنجابی" بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "ڕۆژاوا"ی هەولێر کراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی وردی پزیشکیدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لێکۆڵینەوە لەمەڕ چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو ڕووداوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێ کردووە.

"ئەکبەر سەنجابی" ئەندامی چالاکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بووە.

ساڵی ١٤٠٠، "بێهرووز ڕەحیمی" ئەندامی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)" و "مووسا باباخانی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی "حدک" لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کران.

هەروەها مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦، دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی "سەلاح و سەباح ڕەحمانی" خەڵکی شاری کامێران، لە گەڕەکی "بنەسڵاوە"ی شاری هەولێر، بەهۆی بومبێکی چێندرراو لە ماشینەکەیاندا بریندار و لەو ڕووداوەدا "سەباح ڕەحمانی" بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دابوو.