پەرەگرتنی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و کوژرانی سێ کەس لە شارەکانی سەقز و ورمێ

17:02 - 28 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەوماوەیەدا لە وڵاتی ئیران و بەهۆی بێ پلانی ناوەندە حکوومەتییەکان، رۆژ لەدوای رۆژ تاوانە کۆمەڵایەتییەکان روو لە زیادبوون دەکەن و تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست بە شیوەیەکی بەرچاو لە وڵاتی ئێران پەرەی ستاندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی دریاویی ناوچەی سەرشیوی سەقز بە هۆکارێکی ناڕوون کوژراوەو هاوکات دوو برای خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی \"پیرگل\"ی سەربە ئەنزەلی ورمێ بە زەبری چەک گیانیان لێ ئەستێندرا.

چەند رۆژ پێش ئیستا هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی دریاوی لە ناوچەی سەرشیوی سەقز بەناوی \"سەعید کەسنەزانی\" تەمەن ٥٥ ساڵ، لە نێو حەمامی ماڵەکەیاندا بە زەبری چەقۆ کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هەتا ئێستا هۆکاری کوژرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە روون نەبۆتەوەو روون نییە کە بەدەستی کێ کوژراوە.

لەلایەکی دیکەوە، رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ دوو کەس بەناوەکانی کەماڵ یووسفی تەمەن ٤٨ ساڵ و حاکم یووسفی تەمەن ٥٠ ساڵ بەهۆی کێشەی زەوی و ئاوەدێرییەوە، بە زەبری چەک گیانیان لێ ئەستێندرا.

دەگوتریت، کەماڵ و حاکم یووسفی، پێشتر بەهۆی کێشەی زەوی لەگەڵ بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندی \"درلەکی\"ی ناوچەی ئەنزەل بە کێشە هاتوون و لە ئەنجامدا بەدەستی چەند کەسێکی خەڵکی گوندی :درلەکی\"، کە ئەندامی بنەماڵەیەک بوون، کوژراون.

شایەتحاڵان رایانگەیاندووە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوژراوە، کاتژمێر ١١ی شەوی ٢١ی پووشپەڕ لە سەر رێگەی گوندەکەی خۆیان بە زەبری چەک کوژراون و دواتریش بە ماشێن بەسەر تەرمەکانیاندا رۆیشتوون.

بە گوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی ئەنزەل، ئەم کارە تووڕەیی لای هاووڵاتییانی گوندی \"مێشک و پیرگل\" دروست کردووەو رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ چوونەتە سەر گوندی \"پیرگل\" و شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوانیاندا دروست بووە.

کارناس و دەروونناسانی کۆمەڵایەتی، هۆکاری زیادبوونی تووڕەیی و توندوتیژی لە نێوان هاووڵاتییاندا بۆ لادانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک، هەژاری، بێکاری و ناڕەزایەتیی جنسی، نەبوونی پەروەردەی دروستی بنەماڵەیی و فێر نەبونوی چۆنیەتیی کۆنترۆڵ کردنی رق و تووڕەیی، دەگەڕێننەوە.

بەپێی ئاماری پزیشکی دادوەریی ئێران، لە سالی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٦٠٠ هەزار کەس لەو وڵاتەدا لەگەڵ یەکتر بە کێشە هاتوون و ٧٠ هەزار کەس سکاڵایان لەسەر یەکتر تۆمار کردووەو لە ماوەی دوو مانگی خاکەلێوەو بانەمەڕی ئەمساڵدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بەهۆی کێشە و شەڕەوە سەردانی پزیشکی دادوەرییان کردووە.