پەرەسەندنی مادەی هۆشبەر لە گوندەکانی کوردستانی ئێران

15:14 - 19 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: دیاردەی فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان گوندەکانی کوردستانی ئێرانی تەنیوە و هاووڵاتییان وەک مەترسی لە قەلەمی دەدەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک فرۆشیاری مادە سڕکەرەکان، لە گوندەکانی دەوروبەری شاری دیواندەرە و بەتایبەت لە بەخشی \"هەوەتوو\" بە ئاشکرا مادەی هۆشبەر دەفرۆشن و دەزگا پێیوەندیدارەکان لە بەرامبەر ئەو کارەدا هیچ کاردانەوەیەکیان نیە.

سەرچاوەیەکی خۆجێی لەو ناوچەیە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، کەلە هەر گوندێک مەواد فرۆشێک بوونی هەیە و ئەو دیاردەیە بە شێوەیەک تەشەنەی سەندووە کە مێرمنداڵانی تەمەن ١٨ ساڵیش گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان و بەتایبەتی جۆری \"شیشە\" بوون و بنەماڵەکانیش وەک مەترسییەکی جیدی سەیری دەکەن و بۆتە هۆی نیگەرانییان.

نموونەی هاوشێوەی دیاردەی فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان لە گوندەکان لە ناوچەی ژاوەرۆی سنەش لە ئارادایە کە بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو شۆرای گوندی \"گەلێن\" لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بە هاوکاریی چەند کەسێکی دیکەی سەربە حکوومەت بە شێوەی بەربڵاو مادەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە و کۆمەڵێک لاوی ئەو گوندەیان گیرۆدەی مادە هۆشبەر کردووە.