پەرەستارێکی کورد لە گرتووخانەی ئیتلاعات گیانی لە دەست دا

14:58 - 9 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: پەرەستارێکی کورد خەڵکی شاری مەلەکشای پارێزگای ئیلام لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پەرەستارێکی کورد بە ناوی \"تالب بەساتی\" بە شێوەی گوماناوی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئیلام گیانی لە دەست داو تەرمی ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمە لە کەش و هەوای ئەمنیەتیی ئەسپەردەی خاک کرا.

ئەو پەرەستارە کوردە خێزاندار و بە هۆی گرتنی \"وێنە بە موبایل لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیلام\" لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان هێزە ئیتلاعاتییەکانی دەستیان کرد بە پشکنینی ماڵی ناوبراو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی تالب بەساتی دوو ئاڵای کوردستانیان دۆزیەوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دۆزینەوەی دوو ئاڵای کوردستان لە ماڵی شەخسی ئەو پەرەستارە لاوە، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە و هەتا کاتی مردنی ناوبراو، بنەماڵەی هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی کوڕەکەیان نەبووە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمە لە پەیوەندییەدا کورتی تەلەفوونیدا، بە باوکی تالبیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان مردووە و وەر بۆ وەرگرتنی جەنازەکەی.

ئەو سەرچاویە هەروەها دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو پەرەستارە کورەدەیان بە تۆمەتی زانیاری گەیاندنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئیلام بە حیزبە کوردییەکان تاوانبار کردووە.\"

ئەو سەرچآوەیە دوو پاتی دەکاتەوە، ئیتلاعات هەڕەشەیان لە بنەماڵەی بەساتی کردووە لە ئەگەری میدیایی کردنی مردنی کوڕەکەیان ئیزنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرخۆشی بەو بنەماڵەیە نادەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هاوڕێانی نزیک له تالب بەساتی کە لە گرتووخانەی ناوەندیی ئیلام دان ڕایانگەیاندووە، کە ناوبراویان لە زیندانی شاری ئیلام نەبینیووە.