پەرەستارێکی لاوی سەقزی بەهۆی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا

12:22 - 18 خاکەلێوه 2720

ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی خاکەلێوە، "محەممەد یار ئەحمەدی"، پەرەستارێکی لاو لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ـی شاری سەقز، بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کووید_١٩ گیانی لەدەست دا.

ئەو پەرەستارە لاوە، یەکێک لەو ٤٠ پەرەستار و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی "خومەینی"ـی سەقز بووە کە دوکتور ڕەحیم یووسف‌پوور، پزیشکی پسپوڕی دەروونی باسی لە تووشبوونی ئەوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کردبوو.

ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوە، دوکتور "ڕەحیم یووسف پوور"، پزیشکی ناسراوی خەڵکی سەقز، لە لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادگای گشتیی ئەو شارە، پاش ڕوونبوونەوەی حوکمەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو پزیشکە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەقز، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە ئینیستاگرامەکەی، بە دانی زانیاری سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەگەڵ دژکردەوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەرەوڕوو بووەوە.

دوکتور "یووسف پوور" داوای لە بەرپرسانی حکوومەت لە سەقز کردبوو کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەوسارپچڕاوی کۆرۆنا، ئەم شارە بخەنە دابڕگەوە.