پەرەستاران لە نەخۆشخانەکانی دوو پارێزگای کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە

13:56 - 5 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: پەرەستاران لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە و کرماشان سەرجەم ماوەی ٢٠ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

هەواڵدەریی \"تەسنیم\"ی کرماشان نزیک لە سپای پاسداران، لە زاری هەیئەت مودیرەی نیزامی پەرەستاری ئەو شارە بڵاوی کردەوە، کە پەرەستارانی پارێزگای کرماشان ماوەی ٦ مانگە بەبێ مووچە کار دەکەن.

عەلی‌ئەکبەر وەیسی دەڵێت: پەرەستارەکانی پارێزگای کرماشان لە ٦ مانگی ڕابردووەوە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە و لەو باریەوە بیمە بە بەڵێنەکانی خۆی پێبەند نەبووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، لە پاڕێزگای کرماشان، ٣٥٠٠ پەرەستار خەریکی کارکردن و لەو ڕێژیەش ٢٢٥٠ کەسیان بڕوانامەی کارناسی و کارناسی باڵایان هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، پەرەستاران لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە، ماوەی ٨ مانگە پارەی ئیزافەکاریان وەرنەگرتووە و ئەمەش کێشەی بۆ بنەماڵەکانیان دروست کردووە.

بە وتەی یەکێک لە پەرەستارانی نەخۆشخانەی شاری سنە، لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا هەتاکوو ئێستە، پارەی ئیزافەکاریان وەرنەگرتووە و بەرپرسانی نەخۆشخانەش لەم بارەوە کەمتەرخەمییان کردووە.

ئەو پەرەستارە لە درێژەدا دەڵێت: ئەو بڕە پارەیە کە بە ئێمە دەدرێت، بە نیسبەت ئەو کارەی کە دەیکەن، \"هیچ نییە\" ئەمەش وەڵامدەری کێشە و گرفتەکانمان نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ژمارەیەک لە پەرەستارانی شاری سەقزیش، ماوەی شەش مانگە مووچەی سەرەکی و ئیزافەکاریان وەرنەگرتووە.

بەرپرسانی حکوومەتی لەو شارە دواکەوتنی مووچەی شەش مانگی پەرەستارانیان، بۆ نەبوونی پارەی گەڕاندووتەوە.