"پەریسا سەیفی" هێشتا لە گرتنگەدایە؛ ڕێگری لە ئازادکردنی کاتیی ناوبراو کراوە

11:05 - 19 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی فەرهەنگیی کورد ماوەی ٥٨ ڕۆژە لە گرتنگەی شارامفەڕی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنەدایە و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە، ڕێگریی لە ئازادکردنی کاتیی "پەریسا سەیفی"، چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی کامیاران بە دانانی بارمتە دەکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بۆ دانپێنانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "بنەماڵەی ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا، هەتا ئێستا تەنیا جارێک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ پەریسادا هەبووە".

ئەوە سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئیتلاعاتییەکان تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانیان وەپاڵ ئەو چالاکە ناوە و بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە فەرهەنگییەیان هەتا ئێستا سێ جار دووبارە کردووەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وتی: "هەتا ئێستا چەندین جار هێزە ئیتلاعاتییەکان، پێشیان بە ئازادکردنی ئەو چالاکە فەرهەنگییە بە دانانی بارمتە گرتووە و پەریسا لە بوونی پارێزەریش بێبەری کراوە."

"پەریسا سەیفی"، خوێندکاری بواری "هونەر و گرافیک"، ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، لە سنە و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.