پەرچەكرداری شەریعەتمەداری بەدەست لەكاركێشانەوەی نوێنەرانی مەجلیس

15:48 - 25 سەرماوەز 2713
ئاژانسی كوردپا: نوێنەری وەلی فەقیهـ لەرۆژنامەی كەیهان، دەست لەكاركێشانەوەی نوێنەرانی مەجلیسی بە \"نالۆژیكی و هەڵنەسەنگێندراو\" وەسف كرد.

حوسێن شەریعەتمەداری سەرنووسەری رۆژنامەی كەیهان، لە نووسراوەیەكدا پەرچەكردرای بە دەست لەكاركێشانەوەی نوێنەرانی ئوستانەكانی خوزستان، كوردستان و لوڕستان نیشان دا و \"هەوڵی نابەجێی\" ئەوانی لە دۆخی ئێستا و هەستیاری وڵاتدا بە پەرەپێدانی ناكۆكیی و بشێوی ناوزەد كردووە.

شەریعەتمەداری ئەو نوێنەرانەی بە \" كردنە ئاو بۆ ناو ئاشی دوژمن\" تاوانبار كرد و دەنووسێ‌\" ئایا ئەو هەوڵەی نوێنەران بەو مانایە نیە كە ئوستانەكانی كوردستان، لوڕستان و خوزستان تاقەتی گەمارۆكانی وڵاتانی رۆژئاواییان بۆ سەر ئێران نیە و لەهەمبەریدا خۆراگر نین؟\".

شەریعەتمەداری رۆژنامەنووسی بناژۆخواز، دەست لەكاركێشانەوەی نوێنەرانی مەجلیسی بەپێشێڵكردنی یاسای بنەڕەتی و ژێر پێ‌نانی سوێندەكانیان لەقەڵەم داوە.

پەرچەكرداری شەریعەتمەداری لەحاڵێكدایە كە پێشتر وەزیری ناوخۆیی ئێران لەكاتی ناساندنی ئوستانداری كوردستان لەسنە، نەبوونی كەسێكی شیاوی بە هۆكاری دیاری نەكردنی ئوستانداری كورد راگەیاندبوو و ئەو لێدوانە دژكردەوەی رێفۆرمخوازان و پێش نوێژەكانی ناوچە كوردنشینەكانی بەدوای خوێدا هێنا.

لەحەفتەی رابردوودا ٣١ نوێنەری ئوستانەكانی خوزستان، كوردستان و لوڕستان لەمەجلیسی شۆرای ئیسلامیی بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە كەم كردنەوەی بوودجەی ساڵی ٩٣‌ی ئەو سێ‌ئوستانە دەستیان لەكار كێشایەوە.

ئەو نوێنەرانە نیگەرانی گوێ‌نەدانی دەوڵەت بەناوچە هەژارنشین و پەراوێزخراوەكانن و زیادكردنی بوودجەی ناوەندە نیزامی ـ ئەمنیەتییەكان، دینی و دامەزراوە حكوومەتییەكانیان بەپێچەوانەی بەڵێنییەكانی رۆحانی زانیوە.
سالار مورادی، ئومید كەریمیان، موحسین بیگلەری، حامید قادرمەرزی و سەید ئەحسەن عەلەوەی ٥ كەس لەو نوێنەرانەی ئوستانی كوردستانن كە بەنێشانەی ناڕەرزایەتی بە كەمكردنەوەی بوودجەی ئوستانی كوردستان دەستیان لەكار كێشاوەتەوە.

قەسیم عوسمانی نوێنەری شاری بۆكانیش لەمەجلیس بەنیشانەی كەمكردنەوەی بوودجەی ئەو جێگایانەی كە نوێنەرایەتییان دەكات، هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوەی كردووە.

دەوتریت كە ئەگەری ئەوە هەیە نوێنەرانی ئوستانی مازەندەرانیش لەمەجلیس دەست لەكار بكێشنەوە.

رێكەوتی ١٧‌ی سەرماوەز بوودجەی ٧٨٣ هەزار میلیارد تمەنی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی رەوانەی مەجلیس كرا.