پەروەردە و بارهێنانی کوردستان، پلانی درێژخایەنی پەروەردەیی نییە

14:35 - 12 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی لە ئوستانی کوردستان، وەزارەتی پەروەردەی بە \"نەبوونی پلانی درێژخایەنی پەروەردەیی\" تۆمەتبار کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی لە شارەکانی سنە، کامیاران و دیواندەرە لە دانیشتنێکدا لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بارهێنان، رایگەیاندووە؛ هەڵسووکەوت و کردەوەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی کوردستان بە شێوەیەکی سەلیقەییە.

سەید ئەحسەن عەلەوی، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەلی‌ئەسغەر قانی، باسی لە \"کارەساتاوی بوونی\" روانگەی درێژخایەنی پەروەردەیی لە ئوستانی کوردستان کردووەو گوتوویەتی؛ \"نە تەنیا بڕیار و کردەوەکانی وەزارەتی پەروەردە، بەڵکوو وەزارەتخانەکانی دیکەش کارەکانیان نیوەچڵ و لەنگە\".

\"21874.jpg\"
لەو دانیشتنەدا ئاماژە بە قوتابخانە رووخاوەکانی ئوستانی کوردستان کراوەو بەپێی ئاماری ئەندامانی کۆمیسیۆنی (تلفیق)ی مەجلیس، لە ئێستادا هەزار و ١٩٢ قوتابخانە لە ١٠ شارستانی کوردستاندا هەن، کە لەسەدا ٤٠یان رووخاون.

هەروەها هەزار و ٢٦٨ قوتابخانەی دیکە پێویستییان بە نوێژەن کردنەوە هەیە، کە لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەکی ٥ ریشتێریدا کارەساتێکی هاوچەشنی رووداوی شیناوێی لێدەکەوێتەوە.

زۆربەی قوتابخانەکانی کوردستان نزیک بە ٣٥ ساڵە دروستکراون.

کەسانی دەست هەڵگرتوو لە خوێندن، نەدانی مووچە و هەقدەستی مامۆستایانی دەرکراو و ئینتقالی و نەقڵی ژنە مامۆستایان بووە، کە لەو دانیشتنەدا باسی لێ کراوە.

\"21873.jpg\"
٢٦٥ هەزار و ٢٥٤ قوتابی لە سێ هەزار و ٤٨٠ قوتابخانە و لە چوارچێوەی ١٣ هەزار پۆلی خوێندن، لە ساڵی نوێی خوێندندا سەرقاڵی خوێندن دەبن، کە لەسەدا ٢.١ی قوتابیانی وڵاتی ئێران پێک دێنن.

لەلایەکی دیکەوە، هاوولاتییانی کورد و دایک و باوکی قوتابیان و هەروەها کەسانی خێرخوازی ئوستانی کوردستان، نزیک بە ١٠ ملیارد تمەنیان هاوکاریی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان کردووە.

ئەمساڵ بودجەیەکی ٢١ هەزار ملیارد تمەنی بۆ وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان پەسند کراوە، کە تەنیا ٢١٠ ملیارد تمەنی ئەو بودجەیە رادەستی بەرێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنان دەکرێت و ئەو بەشەی دیکەشی وەکوو مووچە و هەقدەست دەدریتە مامۆستایان و پیرسونێکی وەزارەتی پەروەردە.

هەنووکە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ئیسلامی، بەهۆی کەمیی بودجەوە، ٥ هەزار ملیارد تمەنی زیاتر لە بودجەی تەرخان کراوی دەولەت بۆ ئەو وەزارەتخانەیە، سەرف کردووە.