پەروانە حوسێن‌پەناهی بانگهێشتی ئیتلاعات کرا

20:38 - 10 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: خوشکی ڕامین حوسێن پەناهی، زیندانی سیاسیی کوردی ئێعدام کراو، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٩ی بانەمەڕ، پەروانە حوسێن‌پەناهی، خوشکی ڕامین حوسێن‌پەناهی بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و لێپرسینەوەی لێکرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، هەڕەشەیان لەم هاووڵاتییە کوردە کردووە کە بە هیچ شێوەیەک بۆی نییە بە دوای شوێنی بە خاکسپاردنی براکەی (ڕامین حوسێن‌پەناهی) نەگەڕێت.

چەند ساڵ پێش، پەروانە حوسێن‌پەناهی بە تۆمەتی \"پەیوەندیی لەگەڵ میدیا بیانییەکانی دەرەوەی وڵات و پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە پێنج ساڵ زیندانی هەڵپسێردراو، مەحکووم کرا بوو.

سەرلە بەیانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧، ڕامین حوسێن‌پەناهی لەگەڵ زانیار و لوقمان مورادی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ئێعدام کران.

ڕامین حوسێن پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەستبەسەر و پێش لە تەواو بوونی قۆناغی دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە. پاش دەستەبسەر کردنی ڕامین، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەوڵی دەستبەسەر کردنی بنەماڵەی حوسێن پەناهیان دا.