پەرستارەکانی نەخۆشخانەی مەهاباد لەگەڵ کەمیی خزمەتگوزاری بۆ پێشگیری لە کۆرۆنا بەرەوڕوون

13:32 - 3 خاکەلێوه 2720

پزیشک و پەرستارەکانی نەخۆشخانەی مەهاباد، سەرەڕای ئەوەی کە نزیک بە ٢ حەوتووە سەردانی بنەماڵەکانیان نەکردووە، لەگەڵ کەمیی کەرەستەی نەخۆشخانە و دەوا و دەرمانی پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەوڕوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی مەهاباد، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "سەرجەم  ٢٤ کەس بە گومانی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا تاقکارییان لێکراوە کە ١٢ کەسیان ئەرێنی بووە و پاش پێدانی هەندێک دەوا و دەرمان، بەهۆی نەبوونی تەخت لەو نەخۆشخانەیە، ئەو ١٢ کەسەیان ڕەوانەی ماڵەوە کردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ١٢ کەسەکەی دیکە تاقیکارییەکەیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە و هەتا ئێستا وڵامی تاقیکارییەکانیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهاباد نەکردووەتەوە.

زیادیشی کرد، ئەو ١٢ کەسە باری تەندروستییان زۆر خراپە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی  پزیشکیدان، هەروەها ژمارەیەک لە کادرە دەرمانییەکانی ئەو نەخۆشخانەیە ماوەی ٢ حەوتوویە سەردانی بنەماڵەکانیان نەکردووە.

ئەو پەرستارانە لە چاویلکەی تایبەت بە "ماتۆڕسیکلت" کەڵکیان وەرگرتووە.