پەرستارێکی پیرانشاری پاش دوو حەوتوو دەسبەسەری، چارەنووسی ناڕوونە

10:19 - 2 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری پیرانشار، پەرستارێکی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو حەوتوو پێش، پەرستارێکی کورد بە ناوی "محەممەد ئەمین (هێدی) خزری"، کوڕی "موراد"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "هێدی لە کاتی ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانە و پێش گەیشتن بە شوێنی کارەکەی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پەرەستارە کوردە لەبەر دەستدا نییە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک خۆیان دەبوێرن".

"محەممەدئەمین خزری"، خەڵکی گوندی "جەڕان" و دانیشتووی شاری پیرانشارە.