پەرستارێک بە هۆی گوشاری کار لە نەخۆشخانەی \"سەرئاوڵە\" گیانی لەدەست دا

15:06 - 1 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: پەرستارێکی کوردی خەڵکی شاری سەرئاوڵەی بەخشی ناوەندیی شاری \"چڕداوڵ\"، سەر بە پارێزگای ئیلام، بە هۆی گوشاری کارەوە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٣١ی جۆزەردان، ژنە پەرستارێکی کورد بە ناوی \"شەیدا گراوند\"، لە نەخۆشخانەی \"ئیمام عەلیـ\"ـی ئەو شارە، لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەست دا.

ئەم پەرستارە کوردە، بە هۆی گوشاری کار، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ناوبراو.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیلنا\" لەم بارەیەوە نووسیوویەتی: \"بەرپرسانی ڕێکخراوی نیزامی پزشکی ڕایانگەیاندووە کە پێش لە وڵامی پزیشکی یاسایی، سەبارەت بەو ڕووداوە هیچ وڵامێک نادەین، چونکە پرسەکە باری حقوقیی هەیە.\"

پەرستارەکان چەندین جار سەبارەت بە گوشاری کار لەسەر شانیان و کەمیی پەرستار، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.

خەسارەکانی گوشاری کار و کەمیی پەرستار، لە مێژە گیانلەدەستدانی پەرستارانی بە هۆی گوشاری کار و ماندووبوون لە شیفتەکانی کاریی لێدەکەوێتەوە.

نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە شاری سەرئاوڵە، لە بەخشی ناوەندی شاری چڕداوڵ، لە ٣٠ کیلۆمێتریی ئەو شارەدا هەڵکەوتووە.