پەرستارانی سەقز لەهەمبەر بێکاربوونیان ناڕەزایەتییان دەربڕی

12:02 - 22 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە پەرستارانی شاری سەقز، لەهەمبەر بێکاربوونیان و ‌هێنانی پەرستارانی دیکە لە شارەکانی ئێران و کوردستانەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ژمارەیک لە پەرستارانی شاری سەقز، لەمەڕ دواخستنی گەڵاڵەی دامەزراندنی پەرستارانی خۆجێیی، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەو پەرستارانە لە بەخشنامەیەکدا کە واژۆی ژمارەیەک لە پەرستارانی ئەو شارەی پێوەیە، دژی دواخستنی گەڵالەی دامەزراندنی پەرستارانی خۆجێیی بوون.

پەرستارانی سەقزی لەو بەخشنامەیەدا ڕایانگەیاندووە، گەڵاڵەی دامەزراندنی پەرستارانی خۆجێیی لە شارەکانی تەورێز، ورمێ، سنە و مەهاباد، جێبەجێ کراوە و هەنووکە نۆرەی سەقز گەیشتووە و ئەو گەڵاڵە لە ڕێگای چەند نوێنەرێکی مەجلیسی ئێرانەوە خەریکە دوا دەخرێت.

بە وتەی پەرستارانی ناڕازی، زیاتر لە ٢٠٠ پەرەستاری سەقز کە پیشینەی ٤ ساڵ کارکردنیان لە نەخۆشخانەی "خومەینی" هەیە، لە هەنووکەدا بێکارن.

لە بەشێکی بەخشنامەکەدا هاتووە، ئەگەر بڕیار بێت نەخۆشخانەی شەفا تایبەت بە سەقزییەکان بێت، دەبێ پەرستارەکانیشی خەڵکی ئەو شارە بن نەک لە شارەکانی دیکەوە پەرستاری بۆ بهێنن.