پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەندی گەورەی کورد \'\'حەسەن زیرەک\'\' لا درا

20:07 - 26 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: پەیکەری هونەرمەندی گەورەی مۆسیقای فولکلۆریکی کوردی لەسەر گڵکۆی ناوبراو دانرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پەیکەرێکی سێ میتریی حەسەن زیرەک ئاوازدانەر و گۆرانی‌بێژی ناوداری کورد، رۆژی رابردوو لە تەپەی \'\'ناڵەشکێنە\'\' هەڵکەوتوو لە شاری بۆکان، دانرا.

ئەو پەیکەرە لەلایەن \'\'رێبین حەیدەری\'\' ئافرێنەری ئەو بەرهەمە پێشکەش بە خەڵکی بۆکان و رۆحی هەنەرمەند حەسەن زیرەک کراوە.

بەپێی راپۆرتی سەرچاوە لۆکاڵییەکان، رێوڕەسمی دامەزراندنی پەیکەری حەسەن زیرەک \'\'بەبێ ئاگاداریی پێشوو\'\' ئەنجام دراوە و بەم هۆیەشەوە ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتییان و هونەرمەندانی کورد بەشدارییان کردبوو.

ئەم پەیکەرە نوێیە جێگای پەیکەری \'\'نازانستی و کەم کواڵێتی\'\'ی پێشوو دەگرێتەوە.

\"26574.jpg\"
رێبین حەیدەری، پەیکەرتاشی کورد، پەیکەری حەسەن زیرەک ئاوازدانەر و گۆرانی‌بێژی ناوداری کورد تاشیوە و لەسەر گڵکۆکەی دایناوە
رێبین حەیدەری پەیکەرتاشی کورد، ئەو پەیکەرەی تاشیوە و لەسەر گڵکۆکەی دایناوە.

ناوبراو خاوەن بڕوانامەی کارناسیی باڵای پەیکەرتاشی لە زانینگەی \'\'فیلادلفیا\'\'ی ئەمریکایە و بۆ دروستکردنی ئەم پەیکەرە ماوەی شەش مانگ کاری لەسەر کردووە و لە بواری کۆاڵێتی و گەورەیی‌یەوە، بێ وێنەیە.

رێبین پێشتر بە رەخنە لە بەرپرسانی حکوومەتی لە بۆکان، ئەو شارەی لە بواری پێکهاتەی شاری و پیکەرەکانەوە، بە \'\'زۆر لاواز\'\' وەسف کردبوو.

حەسەن زیرەک مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گوندی \'\'هەرمێڵە\'\'ی سەربە شارستانی سەقز لە دایک بووە.

ناوبراو ساڵی ١٣٣٧ کاتێک کە بەشی کوردیی رادیۆی ئێران لە تاران کرایەوە، بەرهەمەکانی خۆی لەگەڵ مۆسیقای مامۆستایانی وەکوو حوسێن یاحەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەهناز، جەهانگیر مەلەک و ئەحمەد عیبادی، بڵاو کردووەتەوە.

مامۆستا حەسەن زیرەک لەلایەن ساواکەوە ئەشکەنجە دراوە و لە ساڵەکانی ١٣٤١ هەتا ١٣٤٣ لەگەڵ رادیۆ کرماشان هاوکاریی کردووە.

زیرەک زیاتر لە یەک هەزار و ٣٠٠ ئاواز بە یادگار لێ بەجێ ماوە و یەکێک لە خۆشەویست‌ترین گۆرانیبێژانی نەتەوەی کورد دێتە ئەژمار.

زیرەک رێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٥١ی هەتاوی، بەهۆی نەخۆشی لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
وێنە: زریان