پەردە لە سەر کتێبی شاعێری کورد لە شاری بۆکان هەڵدرایەوە

16:31 - 3 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: پەردە لە سەر نوێترین بەرهەمی شاعێرێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان بەبەشداری کۆمەڵێک لە شاعێران و هۆگرانی شێعری کوردی هەڵدرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١ی پووشپەڕ، پەردە لە سەر کتێبی شاعێری بۆکانی \"ئەمین گەردیگلانی\" لە ساڵۆنی سیمۆرغی شاری بۆکان هەڵدرایەوە.

ئەو کتێبە شێعرییە بە زمانی کوردی و بە ناوی \"زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ\" کەوتە بەر دیدی خوێنەران و هۆگرانی ئەدەب و وێژەی کوردی.

کتێبی زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ لە لایەن بڵاوکراوەی \"زانکۆ\" لە دووتوێی ٢٠٨ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.

لەو ڕێورەسمەدا ژمارەیەک لە شاعێران و هۆزانڤانانی شارەکانی بانە، سەقز، مەهاباد و شنۆ لە کۆڕی پەردەلادان لە سەر نوێترین بەرهەمی ئەو شاعێرە کوردە بەشدار بوون.

لەو ڕێوەڕسمەدا، شاعێری کورد ئەمین گەردیگلانی باسێکی پێشکەش بە بەشداربووانی ئەو کۆڕە کرد.

لەبەشێکی قسەکانیدا، ئەمین گەردیگلانی لە قسەکانیدا باسی خزمەت به ئەدەبی کوردی کرد که دەبێ پێنووسمان له خزمەت ئەدەبی بەرگری کوردیدا بێت.

ئەو شاعێرە هەروەها لە قسەکانیدا ئاماژەی بە شێعری شاعێرانی ناسراوی کورد \"جەلال مەلەکشا\" و\"فەرەیدوون ئەرشەدی\" وەک نموونە لە شێعری بەرگری کرد.

کتێبی زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی پێنج ساڵەی ئەو شاعێرە کوردەیە.

ئەمین گەردیگلانی شاعێر و وەڕگێڕی کورد ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە گوندی گەردیگلان سەر بە شاری بۆکان لە دایکبووە و خاوەنی ٣١ بەرهەمی شێعر و چیرۆکی منداڵانە.