پەتی جۆلانە گیانی منداڵێکی سەقزی ستاند

14:15 - 25 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵەی سەقزی لەکاتی جۆلانە کردندا، ملی بە پەتی جۆلانەکەوە بووە و بەو هۆیەوە خنکاوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دانیال باقری تەمەن ١٠ ساڵ و دانیشتوی گەڕەکی \"حەماڵاوای سەروو\" لە کاتی جۆلانە کردندا، پەتی جۆلانە لە ملی ئاڵاوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت، دانیالی تەمەن ١٠ ساڵ قوتابیی پۆلی چواری سەرەتایی بووە، کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٣ی بەفرانبار لە کاتی جۆلانە کردندا لە ژێرخانی ماڵەکەین تووشی ئەو رووداوە بووە.

نەبوونی شاری یاری و شوێنی کات بەسەر بردن بۆ منداڵان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، بوونەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی منداڵان پەنا بۆ یاریی ناستاندارد ببەن، کە زۆر جار گیان لەدەست دان و برینداربوونی منداڵانی لێ دەکەوێتەوە.

هەروەها ئەو پارک و شوێنانەی کە لەو شارانە هەن، هیچ ستانداردێکیان تێدا رەچاو نەکراوە و منداڵان لە کاتی یاری کردندا تووشی رووداوی دڵتەزێن دەبنەوە.

لە ناوەڕاست مانگی هاوینی ئەمساڵیشدا کچێکی تەمەن ١١ ساڵەی ئیلامی لەکاتی جۆلانە کردندا، لە یەکێک لە پارکەکانی شاری ئیلام، بەهۆی بەربوونەوە لە جۆلانە تووشی خوێنڕێژی هاتبوو کە بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.