پێکهێنای ژیانی هاوبەش لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ٥٣% کەمی کردووە

16:10 - 28 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: پێکهێنای پڕۆسەی هاوسەرگیری لە ئاواییەکانی سەر بە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

بەوتەی بەرپرسی گشتیی رێکخراوی تۆمار کردنی باری کەسیەتی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی ماگی رەزبەر، بە گشتی سێ‌هەزار و ٢٧٦ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەئاواییەکان تۆمار کراوە کە ئەو رێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ٩١، لەسەدا ٥٣ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

هەواڵدەریی فارس لەزاری ئەو بەرپرسەوە بڵاوی کردۆتەوە، بەگشتیی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەماوەی ئەو حەوت مانگەی ئەمساڵدا، بیست هەزار و ٢٥٧ حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمار کراوە.

لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە، نزیک بە ١٧ هەزار کەسیان دانیشتووی شارەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بوون.

پێشتریش بەرپرسی رێکخراوی تۆمار کردنی باری کەسیەتی حکوومەتی ئێران رایگەیاندبوو، لە هەر ٥ حاڵەتی هاوسەرگیری لەئێران یەکێکیان بەرورووی تەڵاق دەبێتەوە.

بەوتەی کارناسانی کۆمەڵایەتی، کێشەی ئابووری، کێشەی جینسی، بێکاری، شوێنی نیشتەجێ ‌بوون و نەبوونی پیشەیەکی شیاو و گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان بە هۆکارەکانی چوونەسەرێی رێژەی تەڵاق و کەمبوونەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری دادەنرێن.

ئوستانی کوردستانیش لەو کێشەیە بێبەری نەبووە، بە چەشنێک کە لەساڵی ١٣٩١دا رێژەی هاوسەرگیری لەو ئوستانە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتری، ٨% دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو.

بەپێی ئامارەکان، بەشێوەی نێوەنجی لە هەر ٢٤ کاتژمێردا لەئێران ٣٨٠ حاڵەتی جیابوونەوەی نێوان ژن و مێرد روو دەدات.