پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ ڕووی لە هەڵکشانە

20:41 - 17 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا، لە پارێزگای ئیلام، ٩٨ منداڵی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ ژیانی هاوبەشیان پێکهیناوە.

بەرێوەبەری گشتیی بێهزیستی پارێزگای ئیلام باسی لە تۆمار کردنی ٩٨ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی منداڵانی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ، لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، کرد.

زەهرا هیمەتی لە پراوێزی وانەی پەروەردەییەکانی ڕووبەرووبوونەوەی تەڵاق، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیرانا\" ڕایگەیاند: لە کۆی ئەو ٩٨ حاڵە، ٩٤حاڵەتی تایبەت بە کچەکان بووە و ٤ حاڵەتیش تایبەت بە کوڕەکان بووە.

بەرپرسی بێهزیستی پارێزگای ئیلام هەروەها باسی لەوە کرد کە، لە ساڵی ٩٦، ١٩٣حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی منداڵانی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ، لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئەو پارێزگایە تۆمار کراوە.

ناوبراو هەروەها زۆرترین حاڵەتەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی بۆ کچانی تەمەن ژیر ١٥ ساڵ گەڕاندەوە و گوتی، لەو ١٩٣ حاڵەتەدا، ١٨٨ حاڵەت تایبەت بە کچەکان بووە و ٥ حاڵەت تایبەت بە کوڕەکان.

مادەی ١٠٤١یاسای مەدەنیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، تەرخان کراوە بۆ ماڕەبڕینی کچان و کوڕان، کچ پێش لە گەیشتن بە تەمەن ١٣ ساڵی و کوڕیش پێش لە گەیشتن بە تەمەنی ١٥ ساڵی، لە سەر ڕەزامەندی بنەماڵەکانیان، ڕێگایان پێدراوە.