پێکدادانی دوو ماشین لە جادەی مەهاباد_ورمێ ٨ قوربانی لێ کەوتەوە

22:10 - 29 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی پێکدادانی دوو ماشین لە جادەی نێوان مەهاباد_ ورمێ، شەش هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و دوو هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دوو شەممە ٢٨ی خەرمانان، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە نێوان جادەی مەهاباد _ورمێ، لە کۆی ٨ موسافیر، ٦ کوژراو و ٢ برینداری لێکەوتەوە.

ئەو دوو موسافیرە بریندارە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

لە زۆربەی ڕێگاکانی هاتوچۆی ئێران و بەتایبەت کوردستان ناستانداردن و هێمای هوشیارکەرەوە بۆ پێش گرتن بە ڕووداوی هاتوچۆ بوونی نیە.

ڕێگاوبانی ناستاندارد، کەمتەرخەمیی شۆفیرەکان و خراپیی و کۆنیی ماشینەکان، لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان بەئەژمار دێن و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری قوربانیانی ئەو جۆرە ڕووداوانە ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

ماوەیەک پێش ئێستا، هەواڵدەریی \"ئیلنا\" بڵاوی کردەوە، قیرتاوی ناستاندارد، چاڵوچۆڵی ڕێگەوبانەکانی ئێران، هۆکاری لەسەدا ٣٠ی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەو وڵاتەدایە و ئەو قیرەی کە لە ئێران بۆ قیرتاو کردنی جادەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، تەنانەت لە وڵاتانی سریلانکا و تانزانیاش قەدەغە کراوە و هیچ کڕیارێکی لە جیهاندا نییە.

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ڕووداوی هاتوچۆ سەرەکی‌ترین ڕووداوی ناسروشتییە کە لە ئێراندا گیانی هاووڵاتییان دەستێنێت.