پێنەدانی پارە بە کرێکارەکانی شارەداری، گرفتی بۆ بنەماڵەکانیان دروست کردووە

14:57 - 15 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە چەند ساڵی ڕابردوودا، شارەدارییەکانی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ کێشەی مایەپووچ بوون بەرەوڕوو بووتەوە و بەو هۆیەشەوە، گرفتی بۆ هاووڵاتییان و هەروەها فەرمانبەرانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە دروست کردووە.

کرێکارانی شارەداریی شاری بیجاڕ سەر بە پارێزگای سنە، سەرەڕای دواکەوتنی پارەی دوو مانگیان، ئیزافەکاری چوار مانگیشیان وەرنەگرتووە.

\"مەهدی بەیگ محەممەدپوور\"، شارەداری شاری بیجاڕ، وێرای پشتڕاست کردەنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: \"شارەداریی شاری بیجاڕ، وەکوو شارەدارییەکانی دیکەی شارەکانی کوردستان،سەرچاوەیەکی ماڵی باشی نییە بۆ دانی پارەی کرێکارەکان و تێچووی خودی شارەدارییەکە\".

هەر چەند بەرپرسی شارەداریی شاری بیجاڕ، ئاماژە بە وەرزی بوونی کرێکاران نەکردووە، بەڵام زۆربەی کرێکارانی شارەدارییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەرزین و بە شێوەی گرێبەست کار دەکەن.