پێنەدانی مورەخەسی، ناڕەزایەتیی زیندانییانی زیندانی مەهابادی لێکەوتەوە

13:48 - 10 خاکەلێوه 2720

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوە، زیندانییانی دوو بەندی زیندانی مەهاباد، لە هەمبەر پێبەندانی مورەخەسی بەو زیندانییانە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

زیندانییان لەو ناڕەزایەتییەدا، پەتوو و هەندێک کەرەستەی زیندانیان ئاگر تێبەردا و لە هەوڵی هەڵاتن لە زیندان بوون کە لەلایەن مەئموورانی زیندانەوە تەقەیان لێکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئەنجامی تەقەی مەئموورانی زیندان، چەندین زیندانی بریندار بووە و زیندانییەکان نەیاتوانیوە هەڵبێن.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە زیندانییەک بە تەقەی مەئموورانی زیندان گیانی لەدەست داوە، بەڵام ئاژانسی کوردپا ناتوانێت ڕاست و ناڕاستیی ئەو هەواڵە، پشتڕاست بکاتەوە.

پاش ناڕەزایەتیی زیندانییانی زیندانی مەهاباد، سپای پاسداران بە هاوکاریی ئەندامانی خۆجێیی ئەو ڕێکخراوەیە، گەمارۆی زیندانی مەهابادیان داوە.

زیندانی مەهاباد هەنووکە لەژێر کۆنترۆڵی توندی هێزە نیزامی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێراندایە.