پێنەدانی مورەخەسی بە زیندانییانی ئەمنییەتی- سیاسیی زیندانی ورمێ

14:57 - 12 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری جێژنی ڕەمەزاندا، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لەگەڵ پێدانی مورەخەسی بۆ زیندانییانی سیاسی- ئەمنییەتی دژایەتییان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لە بەرەبەری جێژنی ڕەمەزاندا، لە پێدانی مورخەسی بۆ زیندانییانی سیاسی- ئەمنییەتی، خۆیان بواردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاندووە: \"هەمیشە لە بەرەبەری بۆنە جیاوازەکاندا، بەخشنامەیەک لە لایەن دەزگای دادەوە بۆ بەرپرسانی زیندان دەنێردرێت، کە پێش بە پێدانی مورخەسی بە زیندانیانی تاوانبار بە سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، بگیردرێت.\"

ئەو سەرچاوە ئاگادارە زیادی کردووە: \"لە بەرەبەری جێژنی ڕەمەزاندا، بۆ جارێکی تر زیندانییە سیاسی و ئەمنییەتییەکان، لە وەرگرتنی مورخەسی بێبەری کراون.\"

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، زیندانییە ئەمنییەتی و سیاسییەکان، چەند جار بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە بێبەریبوون لە مورخەسی لە کاتی بۆنە جیاوازەکاندا، نامەیان بۆ دادگای شۆڕشی ورمێ و هەروەها دیوانی باڵای وڵات نووسیوە، بەڵام وڵامێک بەو نامەگەلە نەدراوەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە کە نەیویستووە ناوی بڵاو بکرێتەوە، هەروەها باسی لەوە کردووە: \"زیندانییە ئەمنییەتی و سیاسییەکان لە زیندانی ورمێدا، بەتوندی لەژێر گوشاردان و لە هەر جۆرە ئیمکاناتێکی سەرەتایی بێبەرین.\"