پێنجەمین کۆڵبەری کورد لە ئەمساڵدابه هۆی سەرما بردووییەوە، گیانی لە دەست دا

14:40 - 26 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری چاڵدران به هۆی سەرمابردووییەوە لە سنووری ئەم شارەدا گیانی لە دەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی لاو به ناوی \" ئەمیر تاهیری\"، تەمەن ٢٠ ساڵە خەڵکی گوندی \" گرگرە\" سەر بە شاری چاڵدران، به هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لە دەست دا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە کاتی کۆڵبەریدا، لە بەرزاییەکانی سنووری نێوان چاڵدران و وڵاتی تورکیە تووشی ئەم ڕووداوە بووە.

ئەمە پێنج‌مین کۆڵبەری کوردە که به هۆی سەرمابردووییەوە لە بەرزاییە سنوورییەکانی کوردستان گیانی لە دەسداوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە کوردە، لە لایەن هێزەکانی ئەرتەشی وڵاتی تورکیەوە بۆ شاری وان لە کوردستانی باکوور ڕاگوێزراوە و پاش ڕوونبوونەوەی شوناسی لە ڕیگای سنووری بازرگان بۆ شاری چاڵدران گەڕێندراوەتەوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٢ی بەفرانباریش، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \" ئەیووب ئەمینی\"، کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی \" دەشوان\" سەر بە شاری سەڵماس، به هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لە دەست دا.

هەروها سێ کۆڵبەری دیکه به ناوەکانی \" یووسف(زانیار) محەممەدی ئەسڵ\" خەڵکی پیرانشار، \"زانیار عەزیززاده\" کوڕی سلێمان خەڵکی پیرانشار و \"موزەفەر حوسێنی\" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عەلی خەڵکی گوندی \"گێسیان\" سەر به ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە کاتی کۆڵبەریدا به هۆی سەرمای زۆرەوە، گیانی خۆیان لە دەست داوە.