پێنج ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

11:14 - 26 جۆزەردان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "ئومید شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە پێش ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە، ئەو پێنج چالاکە سێنفییەیان دەسبەسەر کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "لە چارەنووسی ئەو پێنج ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- دیواندەرە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە".

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "خالید عەبدوڵڵاهی، محەممەد فەتاحی، سلێمان عەبدی، عەزیز مەرزی و سەلاح سوورخی"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی سەقز کوردستان - سەقز و زیویە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی بانگەوازی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان، مامۆستایان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە نەبوونی بەرنامەی هاوتاسازی، پلەبەندی، دەسبەسەریی نایاسایی چالاکانی سێنفی و سێناریۆسازییەکانی دەنگ و ڕەنگ"، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە پێش پارلمانی ئێران و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بەڕێوە دەبەن.