پێنج ڕێکخراوی مافی مرۆیی: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی خێرا کۆتایی بە سزای سێدارە لە ئێران بهێنن

11:03 - 27 رەشەمه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سالانەی جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ٤٩هەمین خولی کۆبوونەوەکانی شورای مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ وتارێکی هاوبەشی لەگەڵ چەند ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی لەسەر پرسی سزای سێدارە لە ئێران پێشکەش کرد.

دەقی وتارەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز خاتوو سەرۆک،

بەڕێز ڕاپۆرتێر،

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ، ڕێكخراوی پێکەوە خەبات دژی سزای سێدارە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ناوەندی عەبدولڕەحمان بروومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ و هاوپەیمانێتی ئیمپەکت ئێران پێشوازی گەرم دەکەین لە ڕاپۆرتی بەڕێز جاوید ڕەحمان و نیگرانییەکانی خۆمان لەمەڕ پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەخەینە ڕوو.

لە ساڵی ٢٠٢١، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانمان، زیاتر لە ٣٠٠ هاوڵاتی لەسێدارە دراون و  لە ناویاندا ٣ مێرمنداڵ و ١٤ ئافرەت تۆمار کراون. هەروەها زیاتر لە ٣ هەزار زیندانی کە لە ناویاندا ٨٥ مێرمنداڵ بەدی دەکرێت، سزا دراون و چاوەڕوانی جێبەجیکردنی حوکمەکانیان دەکەن لە زیندانەکانی ئێران.

جێبەجێکردنی سزای سێدارە بە تایبەتی دژی هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ و عەرەب لە بەرزبوونەوەدایە و لانیکەم ٥٩ هاووڵاتیی کورد لە ساڵی ٢٠٢١ لە سێدارە دراوە. سزای لە سێدارە دژی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ کراوە. هاووڵاتییان، تەنیا بەهۆی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان سزای سێدارەیان لەسەر سەپێنراوە. جێبەجێکردنی سزای سێدارە گرێدراوە بە پرسی پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ وەک دادگاییکردنی ناڕەوا، نەبوونی دەستڕەسی بە پارێزەر لە کاتی لێپرسینەوە و پرۆسەی دادگاییکردن و لە ناو دادگا و هەروەها ئەنجامدانی ئەشکەنجە، لە سێدارەدان بە شێوەی نهێنی و جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هێندێک زیندانیی سیاسی سەرەڕای داوای تیکراری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی سزاکەیان.

وەک لە ڕاپۆرتی جاوید ڕەحمان تەئکیدی لەسەر کراوە: "دەستگای دادوەری ئێران وەک ئورگانێکی سەرکوتکەر کار دەکات تاوەکوو ناوەندێکی سەربەخۆ کە هاووڵاتییان پەنای بۆ ببەن".

ڕێژەی ئەو تاوانانەی کە یاساکانی ئێران ڕێگەی جێبەجێکردنی سزای لسێدارەی پێ دەدات بەرزترین  ڕێژەیە لە ئاستی تەواوی دونیا و زۆرینەی ئەو تاوانانە بەپێی یاسا و پەیمانە ناونەتەوەییەکان نابێت سزای لە سێدارەیان بەسەردا پێ بسەپێنرێت.

لە کۆتاییدا، ئێمە داواکارین لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە "مۆراتۆریۆمێکی خێرا" واتە کۆتایی خێرا بە سزای سێدارە لە ئێران بهێنن.

هەروەها داواکارین لە وڵاتان و کۆمەڵگای ناونەتەوەیی کە پرسی مافەکانی مرۆڤ وەک پرسێکی سەرەکی ڕەچاو بکەن لە پێوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئێران.

سپاستان دەکەین

تەیموور ئەلیاسی

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ