پێنج چالاکی کرێکاریی کورد هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کران

18:07 - 28 جۆزەردان 2722

ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردان، "پەروین عەبدوڵڵاپوور، فواد فاروقی، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی و فاتێح مەجیدی"، لە چالاکانی کرێکاریی شاری بانە، بە دانانی بارمتە لە زیندانەکانی بانە و سنە ئازاد کران.

ئەو پێنج چالاکە کرێکارییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەیان بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

ئەو پێنج چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کرابوون.

فاتێح مەجیدی لە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ دەسبەسەرکرانی نایاسایی و بێبەریکردنی لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەوا و دەرمانەکانی، مانی لە خواردن گرتبوو.

لەو ماوەیەدا "فاتێح مەجیدی" بە دەست و پێ بەستراوەیی بۆ دەرەوەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە ڕاگوێزراوە و دواتر لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی بۆ گرتنگە گەڕێندرابووەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، ئەو پێنج چالاکە کرێکارییە لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکانی بانە و سنە، کرابوون.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراوان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.