پێنج چالاکی عەرەب حوکمی ئیعدامیان لە سەرە

14:47 - 22 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: پێنج چالاکی عەرەبی خەڵکی پارێزگای ئەهواز مەترسی حوکمی ئیعدامیان لە سەرە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەو پێنج چالاکە لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە شاری حەمیدیە دەستبەسەر کراون و لە ڕێکەوتی ٢٦جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە سەر کاناڵی تەلەفزیۆنی \"پرس تی وی\" سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەژێر ئازار و ئەشکەنجە و بەزۆرملی دانیان بە تاوانەکانی خۆیان ناوە.

شوناسی ئەو پێنج هاووڵاتییە عەرەبە \"قەیس عەبیداوی\"، \"حەموود عەبیداوی\"، \"محەممەد خەلەفی\"، مێهدی مەعربی و مێهدی سیاحی\" ڕاگەیەندراوە.

دادستانی شاری حەمیدیە تاوانی کوشتنی کەسێکی سپایی، کە پێنج ساڵ لەوە پێش کوژراوە، خستوویەتە ئەستووی ئەو پێنج هاووڵاتییە عەرەبە،لەو کاتەوە چەند کەسی دیکە هەر بەو تاوانە دەستبەسەر کراون کە چوار کەس لەو چالاکانە بە حوکمی ٢٠ساڵ زیندانی هەتاهەتایی و دوورخستنەوە، مەحکووم کراون.

لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز، حوکمی ئیعدامی ئەو پێنج هاووڵاتییە عەرەبەی مەحکووم کردووە و داوای لە ڕێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کردووە، گوشار زیاتربخەنە سەر بەرپرسانی قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و پێش بە لە سێدارەدانی ئەو پێنج هاووڵاتییە عەرەبە بگیردرێت.

هەواڵدەریی فارس لە زاری \"فەرهاد ئەفشارنیا\" دادستانی پارێزگای ئاهوازەوە بڵاوی کردووەتەوە، حوکمی ئیعدامی ئەو پێنچ چالاکە عەرەبە لە شاری حەمیدیە هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەهواز لە پێش چاوی خەڵکەوە بەڕێوە دەچێت.