پێنج هاووڵاتیی کورد لە شنۆ دەسبەسەر کران

00:30 - 17 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕ، پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەعید تابناک، ئەسکەندەر سەید محەممەدپوور، ڕەحمان تابش، ئەبووبەکر بیلال و ڕەحیم ڕەفعەتی" خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتیییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی، ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو پێنج هاووڵاتییە شنۆییە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، بە ناوەکانی "جەسیم مەجنوونی" خەڵکی گوندی "قەرەداغ" و دانیشتووی مەهاباد، "سۆران نەسیری" خەڵکی "گۆگتەپە"، "سۆران موختاری فەر" خەڵکی گوندی "حاجی خۆش" و "ئومید عەباسی" خەڵکی گوندی "ئیندرقاش" سەر بە مەهاباد، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕێبوار پادەست" کوڕی "ڕەسووڵ"، خەڵکی شاری "گۆگتەپە"ی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.