پێنج هاووڵاتیی کورد لە شاری سنە دەستبەسەر کران

20:49 - 30 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە پێنج هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، پێنج هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە شوناسی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردەی بەم چەشنە ڕاگەیاند:
١_خوا ڕەحم عەلیپوور
٢_حاتەم عەلیپوور
٣_شوعیب مەحموودی
٤_سیروان ڕۆستەمی
٥_وەکیل ڕۆستەمی


ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە، خەڵکی گوندی\"مێراوی\" ناوچە ژاوەرۆی سنەن.

بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە لیباس شەخسییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە لە چاوبەس کەڵکیان وەرگرتووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەر کردنیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا لە ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەدەنی، وێبلاگنووسی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر و بۆ ١١٩ کەس لەو هاووڵاتییانە حوکمی زیندان دەرچووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان و قوەی قەزایی لە تاوانبارانی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێرانن.

لە ئێران ناوەندە جۆراجۆرەکانی ئیتلاعات چالاکن و وەزارەتی ئیتلاعات بەشێک لە بەدەنەی دەوڵەت پێکدێنێت و چەند ناوەندێکی ئیتلاعاتی وەک: ئیتلاعاتی سپا، حیفازەت ئیتلاعاتی سپا و حیفازەتی سپا، لە ژێر چاوەدێریی سپای پاسداران دان.

\"ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا\"، \"ڕێکخراوی حیفازەت ئیتلاعاتی سپا\" و \"حیفازەت سپا\" سێ ژێرکۆمەڵی سپای پاسدارانن کە کاری ئیتلاعاتی_ئەمنییەتیی ئەنجام دەدەن.