پێنج هاووڵاتیی لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئێعدام کران

14:45 - 31 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی پێنج هاووڵاتی، لە زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان، لە لایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی هەینی ٢٩ی پووشپەڕ، پێنج زیندانیی بە تاوانی \"کوشتنی بەئەنقەست\" لە زیندانی ناوەندیی دێزڵاوای شاری کرماشان لە سێدارە دران.

شوناسی یەکێک لەو پێنج کەسە بە ناوی \"عەلیڕەزا ئاشووری\"، تەمەن ٥٧ ساڵ ڕاگەیەندراوە و شوناسی ئەو چوار کەسەکەی دیکە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

دەوترێ، یەکێک لە ئێعدامکراوەکان، خەڵکی شاری حەمیل سەر بە شاری شائابادی پارێزگای کرماشانە.

دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، حوکمی قیساسی بۆ ئەو پێنج هاووڵاتییە دەرکردووە.

لە لایەکی دیکەوە، حەوتووی ڕابردوو، بەرپرسانی زیندانی بیرجەند حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بجنورد، بە ناوی \"بەراتعەلی شیردڵان\"، خەڵکی شاری بجنوردیان بە تاوانی \"کوشتنی بەئەنقەست\"، پاش شەش ساڵ جێبەجێ کرد.

ئێران پاش وڵاتی چین، بە دووهەمین وڵاتی جیهان لە بواری ئێعدامکردنی هاووڵاتییانی خۆی بە ئەژمار دێت.