پێنج هاووڵاتیی شاری بۆكان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كران

15:56 - 22 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: هێزەكانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆكان، 5 هاووڵاتیی كوردیان لەو شارە دەستبەسەر كرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەعدی عەلی فەرامەرز و حەسەن مەردانی نێوی دووكەس لەو 5 هاووڵاتییە دەستبەسەر كراوەن.

هەتا بڵاوی بوونەوەی ئەو هەواڵە شوناسی ئەو سێ‌ هاووڵاتییەكەی دیكە روون نەبۆتەوە و هه‌ره‌ها لە شوێنی راگیران و هۆكاری دەستبەسەركرانی ئەو هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە شەپۆلێكی بەربڵاو لە گیرانی هاووڵاتییانی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی پێكردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ماوەی 22 رۆژی رابردوودا 64 هاووڵاتیی كورد لە ناوچە جیاجیاكانی كوردنشینی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەكانەوە بە تاوانی چالاكیی جۆراوجۆری وەك سیاسی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگەكان كراون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زیاتر بێت.