پێنج هاووڵاتیی بۆكانی بە 240 مانگ زیندانی حوكم دران

19:54 - 14 بەفرانبار 2711
كوردپا: دادگای ئینقلابی ئیسلامیی لە شاری مەهاباد 5 هاووڵاتیی كوردی شاری بۆكانی سەرجەم بە 20 ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم دا.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە مەهاباد، دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد پێنج هاووڵاتیی شاری بۆكانی بە ناوەكانی قاسم رەحیمی ئازەر 8 ساڵ زیندان، جەلال و کەماڵ ناسری هەر كامیان 5 ساڵ زیندان، ئیدریس ئاك و ئیدریس بوڕنا كۆڕی محەممەد هەر كامیان بە 1 ساڵ حەبسی تەعزیری حوكم دا.

ئەو حوكمانە لەلایەن \"جەواد كیا\" دادوەری دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری مەهابادەوە دەركراوە.

تاوانی ئەو هاووڵاتیانە لەلایەن دادگاوە هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە ئۆپوزیسیۆنەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیەنراوە.

ئەو 5 هاووڵاتییە كوردە ماوەی 10 مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی شاری بۆكانەوە دەستبەسەر و هەتا ئێستا چارەنووسیان ناروون بوو.