پێنج زیندانیی کورد بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کران

16:09 - 10 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: ٥ زیندانیی کورد خەڵکی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەز، پێنج زیندانیی کورد، بە ناوەکانی \"حاسڵ عەزیزی، محەممەدزاهیر فەرامەرزی، یەعقووب بائیکرام، جەلال مەسرووری و کەماڵ مەسرووری\" بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ تا ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کراون. پێشتر \"سەدیق بائیکرام\" بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرابوو.

ڕەشەمەی ساڵی ٩٥، لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی ئێعدامی بۆ \"هیدایەت عەبدوڵڵا پوور\" بڕیبووە و سەرجەم \"حاسڵ عەزیزی، محەممەدزاهیر فەرامەرزی، یەعقووب بائیکرام، جەلال مەسرووری، کەماڵ مەسرووری و سەدیق بائیکرامی\" بە ١٠٠ ساڵ زیندان مەحکووم کردبوو.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ، سەر بە گوندی \"قەرەسەقەل\"ـی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" بەو حوکمە مەحکووم کردبوو.

ئەو حوکمانەی کە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ‌وە بۆ ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردە دەرچووبوون بەم شێوەیە بوو:

١ـ هیدایەت عەبدوڵڵا پوور، ئێعدام
٢ـ حاسڵ عەزیزی، ٢٥ ساڵ زیندان
٣ـ محەممەدزاهیر فەرامەرزی، ٢٠ ساڵ زیندان
٤ـ یەعقووب بائیکرام، ١٥ ساڵ زیندان
٥ـ کەماڵ مەسرووری، ١١ ساڵ زیندان
٦ـ جەلال مەسرووری، ١٥ ساڵ زیندان
٧ـ سەدیق بائیکرام، ١٠ ساڵ زیندان

هاوکات ماوەیەک پێش، دۆسیەی ئەو حەووت هاووڵاتییه کوردە بە مەبەستی پێداچوونەی حوکمەکەیان بۆ لقی ٢ی دادگای پێداچوونەی ورمێ بەڕی کرابوون.