پێنج زیندانیی لە شاری کرماشان ئێعدام کران

13:46 - 21 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ٥ زیندانیی بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئێعدام کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، ٢٠ی سەرماوەز، ٥ زیندانیی لە زیندانی ناوەندیی دێزڵاوای شاری کرماشان ئێعدام کران.

شوناسی یەکێک لەو ٥ ئێعدام کراوانە بە ناوی \"کەیکاووس ئاشووری\" ڕاگەیەندراوە و هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو چوار زیندانییە ئێعدام کراوەی دیکە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەو بارەوە بڵاوی کردووە، ئەو ٥ زیندانییە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە \"قیساس\" مەحکووم و ئێعدام کراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی ژانویە هەتا کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵ، ٢٤٨٤ حاڵەتی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەنجام دراوە، کە لەو ڕێژەیە، ١٨٢٨ هاووڵاتیی دستبەسەر، ١٧٧ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار و ٦٤ هاووڵاتیی کوردیش بە هۆکاری جۆراوجۆر لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران ئێعدام کراون.