پێشڵیکاریی مافی مرۆڤ و بەرنامەی مووشەکی، لە دانوستانەکانی ڤییەندا هاتبوونە بەر باس

20:10 - 8 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: باس کردن لەسەر دەفرایەتیی دوولایەنی دانوستانکار لە ڤییەن، گرینگترین پرسیاری نوینەرانی مەسلیسی ئیسلامی لە دانیشتنی ئەمڕۆدا بوو، کە بەرەوڕووی وەزیری دەرەوەی حکوومەتی ئیسلامییان کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەمەد جەوادی زەریف، رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی سەرماوەز لە مەجلیسی ئیسلامی راپۆرتێکی سەبارەت بە دانوستانی ناوکیی حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ لە ڤییەن، کە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز کۆتایی پێهات، خستە ڕوو.

هەتا ئێستا دەقی قسەکانی وەزیری دەرەوەی حکوومەتی ئیسلامی بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام هێندێک لە هەواڵدەرییەکان لە زاری نوێنەرانی مەجلیسەوە بەشێک لە پرسیار و وڵامەکانیان ئاشکرا کردووە.

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئەمنیەت و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس بە مەرجی پاراستنی ناوەکەی، بە هەواڵدەریی \"مێهر\"ی راگەیاندووە: زەریف لە راپۆرتەکەیدا راشکاوانە گوتی کە ئەگەر لایەنی رۆژئاوایی بەلێنییەکانی خۆی نەباتە سەر، حکوومەتی ئیسلامیش دەست بە پیتاندنی لەسەدا ٢٠یی ئۆرانیۆمەکەی دەکاتەوە.

مەجلیس نشینانی بە وەزیری دەرەوەیان راگەیاندووە، کە بە هیچ شێوەیەک رێکەوتننامەی خراپ واژۆ ناکەن و (رێکەوتننامەی باش)یشیان بە نەهێشتن و لابردنی تێکڕای گەمارۆکان وەسف کردووە.

هەروەها نوێنەری مەجلیس لە شاری رەشت لە زاری جەوادی زەریفەوە باسی لە هەبوونی \"شەش خاڵی جێی ناکۆکی\"ی نێوان حکوومەتی ئیسلامی و وڵاتانی ٥+١ سەبارەت بە کات و چۆنیەتیی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان کردووەو گوتوویەتی: حکوومەتی ئیسلامی لە دانوستانە ناوکییەکاندا ئیزنی بە هێنانە بەرباسی دوو پرسی مافی مرۆڤ و بەرنامە مووشەکییەکان نەداوە.

بنکەی ناوکیی فۆردۆ، ئاوی قورسی ئەراک، ژمارەی سانتریفیوژەکان و کاتی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان، گرینگترین بابەتەکانی جێی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی ئیسلامی و وڵاتانی رۆژئاوایی بوون.

لە دوو بڕیارنامەی کۆتایی دانیشتنەکانی شۆرای ئەمنیەتدا، بەرنامەی مووشەکیی بالستیک و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیدا، ئەو خاڵانە بوون کە هۆکاری بەرین بوونەوەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بەدژی حکوومەتی ئیسلامی بوون.

جەوادی کەریمی قودووسیش بە هەواڵدەریی فارسی گوتووە؛ \"راپۆرتی وەزیری دەرەوە بۆ نوینەرانی مەجلیس هەر وەک پێشوو کێشەیەک بوون کە تیایدا باس لە دانوستانە ناوکییەکان نەکراو ئەو دانیشتنەش هیچ قازانجێکی بۆ نوینەران نەبوو.

هاوکات لەگەڵ راپۆرتەکەی زەریف کە لە مەجلیسی ئیسلامی پێشکەشی کرد، سەید جەلیلی بەرپرسی پێشووی تیمی دانوستانکاری حکوومەتی ئیسلامی بۆ پرسی ناوکی، ئەو رێکەوتننامەی ژنێڤی \"لاواز\" وەسف کردووە.

ماڵپەڕی (خەبەر ئانلاین)یش لە زاری شڕۆڤەکار و جاوەدێرانەوە بلاوی کردۆتەوە: \"ئەگەر حکوومەتی ئیسلامی و وڵاتانی رۆژئاوایی هەتا مانگی پووشپەڕی ساڵی داهاتوو بتوانن بگەنە رێکەوتنێکی سیاسی، دەکرێ چاوەڕوانی بەردەوامیی دانیشتنەکان و گەیشتن بە رێکەوتننامەیەکی تۆکمە بین، تەنانەت لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆماریخوازەکانیش بێت، بەڵام ئەگەر هەتا ئەوکاتە رێکەوتنێکی پراکتیکی نەک زارەکی بێتە ئاراوە، پێناچێ کە ئۆباما لەوە زیاتر بەهای سیاسی بدات و بیهەوێ گامارۆی نوێی مەجلیسی سەنا ڤیتۆ بکات\".

راپۆرتی تایبەتیی وەزیری دەرەوەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ نوینەرانی مەجلیس لە کاتێکدایە، کە دوو رۆژ پاش کۆتایی هاتنی دانیشتنەکانی ڤییەن، عەلی خامنیەیی رێبەری حکوومەتی ئیسلامی رایگەیاندبوو، \"هیچ دژایەتییەکم لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی دانوستانەکان نییە\".