پێشگیریی رێكخراوی ئەوقاف لە تۆمار كردنی ئاسەواری تاقەوسان لە ئاستی جیهانیدا

20:57 - 5 سەرماوەز 2711
كوردپا: هاوكات لەگەل بوونێ‌ كێشەی شۆرای شاری كرماشان، \"نەبوونی هاوئاهەنگی\" و \"بوونی بۆچووونی نەرێنی\"ی دوو رێكخراوی دەوڵەتی پێش بە تۆمار كردنی جیهانیی ئاسەواری مێژوویی ـ فەرهەنگیی \"تاقەوسان\"ی كرماشان دەگرن.

بەرپرسانی \"رێكخراوی ئەوقاف و كاروباری خێریە\" لە پارێزگای كرماشان لەسەر بینای \"ئیمام زادە ئیبراهیم\" لەبەردەم تاقەوسان سەرقاڵی ساز كردنی دوو گومەزن كە بەرزاییەكەیان 5/7 میترە و بەپێی یاسا جیهانییەكان، بوونی بینایەكی دەسكرد بە بەرزایی زیاتر لە 5/7 میتر لە بەردەم هەر ئاسەوارێكی مێژووییدا، پێش بە تۆمار كردنی وەك ئاسەوارێكی مێژوویی جیهانی دەگرێت.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری بەرپرسی گشتیی ئیدارەی ئاسەوارە مێژویی و بەرهەمە دەستی و گەشتیارییەكانی كرماشانەوە بڵاوی كردۆتەوە: بەداخەوە بیرۆكەی \"بەرتەسكانە\" كەلە هێندێ‌ بواردا بەرچاوە، بیرۆكەیەكی \"تێكدەرانە\"یە و هەروەها روانینی رێكخراوی ئەوقاف لە هەمبەر میراتی فەرهەنگی لە رابردۆوە روانگەیەكی\"نەرێنی\" بووە و ئێستاش بەردەوامە.

جەلیل رەحیمی ئەوەشی زیاد كردوە: ساز كردنی دوو گومەز لەسە بینای ئیمام زادە ئیبراهیم لەبەردەم ئاسەواری تاقەوسان لەلایەن ئەوقافەوە بەردەوامە و هەر رۆژە بەرزاییەكی زیاتر دەكەن و ئەمەش دەبێتە هۆی پێشگرتن بە تۆمار كردنی ئەم بینا مێژووییە لە ئاستی جیهانیدا و ئەگەر بێت و رێكخراوی ئەوقاف درێژە بەو كارە بدات سكاڵا بەدژی ئەو ئیدارەیە تۆمار دەكەن.

تاقەوسان كۆمەڵێك ئاسەواری داتاشینی بەردینی دەورەی ساسانیە كە پەیكەری هەڵكۆڵراوی بەرجەستەی بەناو ئەردەشیری دووهەم، پەیكەری بەرجەستەی شاپوور (تاقی بچووك) و پەیكەری خوسرەو پەرویز (تاقی گەورە)ی لەسەر هەڵكۆڵراوە و لە 9 كیلیۆمیتریی باكووری رۆژهەڵاتی كرماشان هەڵكەوتووە.