پێشگیری بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا لە ناوەندی فەرهەنگی - هۆنەریی "ڤەژین" لەلایەن فەرمانداریی مەریوانەوە
فەرمانداریی شاری مەریوان، ئیزنی بە بەڕێوەچوونی ڕێوەڕسمی شەوی "یەلدا"یان لەلایەن ناوەندی فەرهەنگی - هۆنەریی "ڤەژین" نەدا.
ناوەندی فەرهەنگی - هۆنەریی ڤەژین لەمبارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ئەندامان و لایەنگرانی ناوەندی فەرهەنگی -هونەریی ڤەژین!
هەر وەک ئاگادارن لە دە ساڵی ڕابردوودا، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا و خەڵاتی بەڕووی زێڕین وەک بۆنەیەکی نیشتمانی لەلایەن ناوەندەکەمانەوە بەڕێوە چووە. بەڵام بەداخەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی دۆخی نەخوازراو و هەروەها بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئەم ڕێوڕەسمە بەڕێوە نەچوو.
دوابەدوای ئاساییبوونەوەی دۆخ و ڕزگاربوون لە پەتای کۆرۆنا، بەهیوا بووین ئەمساڵ ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا بە شێوازێکی شیاو و بەشکۆ بەڕێوە ببەین، بەڵام بەداخەوە فەرمانداریی مەریوان بە بیانووی دواکەوتنی مەجمەع و هەڵبژاردنی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری ڤەژین، مۆڵەتی بەڕێوەبردنی ئەم بەرنامەیەی پێ نەداین.
ئێمە لەو قەناعەتەداین ڕێگەنەدان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا، پێوەندییەکی ئەوتۆی بە ڕەوتی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی ناوەندەکەمانەوە نییە و بەڵکوو ئێرادەیەکی تر لە ئارادایە بۆ کپکردنی دەنگ و چالاکیی ناوەندە مەدەنییەکان.
دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی ڤەژین لە هەموو ئەندامان و لایەنگران و ئەو کەسانەی لە دوور و نزیکەوە یارمەتیدەرمان بوون بۆ بەڕێوەبردنی ئەم بەرنامەیە، داوای لێبووردن دەکات و هیوادارە بتوانێت لە ساڵانی داهاتوودا ئەم بۆنەیە بە شێوەیەک کە شیاوی خەڵک و شارەکەمان بێت بەڕێوە ببات.
لەگەڵ ڕێز وحورمەت
دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ڤەژین
۲۹ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٤٠٠)