پێشگرتن لە چارەسەریی پزیشکیی محەممەد نەزەری

11:15 - 26 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، پێشیان لە چارەسەریی پزیشکی زیندانییەکی سیاسیی کورد گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، پێشیان بە چارەسەریی پزیشکیی محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی لە دەرەوەی زینداندا گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئاکامی مانگرتنی ٩٠ ڕۆژەی محەممەد نەزەری، لە زیندان، "لک"ێکی (تومۆر) گوماناوی لە گەدەیدا بەرچاوە کەوتووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان ئیزنیان پێنەداوە.

پیشتریش، محەمەد حوسێن ئاقاسی، پارێزەری محەممە نەزەری لە لاپەرەی تویتێری خۆیدا باسی لە نالەباریی تەندروستیی بریگرتەکەی کردبووە.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری "سایین قەڵا"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ ، حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی ‌شاری کەرەج لە دەسبەسەریدایە و لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەرییە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە سەر داواکاری محەممەد حوسێن ئاقاسی، پارێزەری دۆسیەکەی کۆتایی بە مانگرتنە ٩٩ ڕۆژەکەی خۆی هێنا.