پێشڕەوییەکانی داعش بەرەو کۆبانی راوەستا

21:16 - 31 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ داخرانی دەروازە سنوورەکانی نێوان وڵاتانی تورکیا و سووریا، هێزە کوردییەکان باس لە راوەستانی هێرشی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی بەرەو شاری ستراتژیکی کۆبانی دکەەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گریلا کوردەکانی سەربە پارتی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی کوردی سووریا، پێشڕەوییەکانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامییان بەرەو رۆژهەڵاتی کۆبانی راوەستاند.

شاری کۆبانی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە سێ قۆڵەوە لەلایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە گەمارۆ درابوو.

بەپێی راپۆرتی میدیا نێونەتەوەییەکان، چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی رۆژی رابردوو هەتا ١٠ کیلۆمیتریی شاری کۆبانی پێشڕەوییان کردبوو.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کوردستانی سووریاوە بە هەواڵنێری کوردپایان راگەیاندووە؛ هێزە چەکدارەکانی خەلافەتی ئیسلامی هەنووکە گوندەکانی شاری کۆبانی تۆپ و خومپارەباران دەکەن، بەڵام بەهۆی چۆڵبوونی گوندەکانەوە زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.

دەگوترێت، زیاتر لە ٥٠ کەس لە چەکدارانی داعش بەدەستی هێزەکانی (YPG) کوژراون.

هێرشی چەکدارانی داعش بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کۆبانی لە ئوستانی حەڵەب، ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کوردستانی سووریای لێکەوتۆتەوە، کە بەپێی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، ژمارەی ئاوارەکان لە ١٣٠ هەزار کەس تێپەڕیوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کۆمیساریای باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، رایەگەیاندووە؛ دەولەتی تورکیا لە ئەمڕۆوە (رۆژی ٣١ی خەرمانان)، لە کۆی ٩ دەروازەی سنووری، کە حەوت دەروازەی سنووریی بەرووی ئاوارە کوردەکاندا کردبوویەوە، دایخستوون.

جگە لە کوردەکان، زیاتر لە ١ ملوێن کەسی خەڵکی سووریا، ئاوارەی وڵاتی تورکیا بوونە.

هاوکات لەگەڵ گۆرانکارییەکانی پەیوەندیدار بە رۆیشتنی ئاوارە کوردەکانی سووریا بەەرو وڵاتی تورکیا، حیزبی کرێکارانی کوردستانیش داوای لە کوردەکانی تورکیا کردووە، بەرنگاری چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی ببنەوە.

\"22239.jpg\"
تێکهەڵچوونی پۆلیسی تورک لەگەڵ خۆبەخشەکانی کوردستانی تورکیا بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی خەلافەتی ئیسلام
لە بانگەوازی پەکەکەدا، کە لە میدیاکانی سەربە حیزبە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە؛ بەرنگاری و خەباتی کوردەکان سنوور ناناسێت، هەر بۆیە پێویستە کوردەکان تەیار بکرێن و رێک بخرێن\".

دوابەدوای ئەو بانگەوازە، سەدان لاو روویان لە سنوورەکانی تورکیاو سووریا کرد، کە پۆلیسی تورک بە گازی فرمێسک‌رێژ بەرەوروویان بوونەوە.

دۆران کاڵکان ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی کرێکارانی کوردستان – تورکیا، دەوڵەتی تورکیای بەوە تۆمەتبار کردووە، کە بەهۆی کێشەی خاک لەگەڵ سووریا، هاوکاریی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی دەکات.

شاری کۆبانی (عین العرب) و گوندەکانی دەوروبەری، گرینگییەکی تایبەتیی بۆ کوردەکان هەیە و لە ئەگەری کۆنتڕۆڵی تەواوی ئە وناوچەیە، پردی پەیوەندیی نێوان دوو کانتۆنی جەزیرە و کۆبانی دەپچڕێت.