پێشوازیی گەرموگوڕی بەردەنگان لە نەرم ئامێری شێعری شاعێرانی هاوچەرخی ئیلام

15:18 - 8 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: پاش ئەوەی كە لەلایەن \"ناوەندی ئەدەبیی هانا\" و بە پشتیوانیی لایەنگرانی فەرهەنگی ئیلام نەرم ئامێری دەنگی شاعێرانی هاوچەرخی ئیلام بڵاو كرایەوە، لەگەڵ پێشوازیی بێ وێنەی لایەنگر و بەردەنگان بەرەڕوو بۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پڕۆژەی تۆماری نەرم ئامێری بەرهەمی بڵاوكراوەی شاعێرانی هاوچەرخی ئیلام كەلە مانگی بەفرانباری ساڵی 1390 و لەلایەن ئەندامانی \"كانوونی ئەدەبیی هانا\"وە دەستی پێكرابوو، رێكەوتی 3ی جۆزەردان لە ئاستێكی بەربڵاو و لە سێ‌ پارێزگای لرستان، كرماشان و ئیلامدا بڵاو كرایەوە و پاش زیاتر لە دوو مانگ بەهۆی پێشوازیی بێ‌ وێنەی لایەنگرانی شێعری كوردی ئەم نەرم ئامێرە دەنگییە كۆتایی پێهاتووە.

نەرم ئامێری \"هانا\" شێعری شاعێرانی كوردی پارێزگای ئیلامی بەدەنگ تێدا تۆمار كراوە كە لەلایەن ناوەندی ئەدەبیی هانا و بە هاوكاریی \"حەوزەی هونەریی پارێزگای ئیلام\" و بە هەوڵی حەبیبوڵڵا بەخشوودە، بابەك كرماجانی، عەلی شوهانی نژاد، سومەیە میهری و فەرید ئەڵوەندی بڵاو كرایەوە.
\"5868.jpg\"
لەو نەرم ئامێرەدا شیعر و دەنگی شاعیرانی كوردی پێشەنگی ئیلام وەك: نەمر وەلی‌محەمەد ئومیدی، دوكتور ئیرەج خالسی، عەلی ئەسغەر عەباسی ئارام، حیشمەتوڵڵا مەنسووری، زاهیر سارایی، عەبدولحەمید یەعقووبیان، حەیدەر عەلی شەفیعی، مستەفا بەیگی، حەبیبوڵڵا بەخشوودە، نیعمەت داوودیان، نوورەدین رەحیمی، عەلی‌محەممەد ئەرسەلانی، حەبیبوڵڵا باقری، نوور‌مراد رەزایی، محەممەد رەزا رۆستەمپوور، فەرهاد شاهمورادیان، حوسین شەکەر‌بەیگی، محەممەد عەلی قاسمی، حیشمەت مەنسووری، سومەیە میهری، محەممەد‌عەلی قاسمی و شەعبان میرزابەیگی بڵاو كراوەتەوە.

جۆراوجۆریی شێواز و قاڵبە شیعرییەكان و هەروەها بوونی زاراوە و بن زاراوەی جۆراوجۆری كەلهوڕی، لەكی، فەیلی و لوڕی یەكێك لە تایبەتمەندییە بەرچاوەكانی ئەو ئالبۆمە نەرم ئامێرەیە.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەم بارەوە رایگەیاندووە، پێش بڵاوبوونەوەی نەرم ئامێری هانا و پێداگریی نووسەر و شاعێرانی ئیلام بۆ بڵاو كردنەوەی، بەڵام ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئیلام دژایەتیی لەگەڵ بڵاو كردنەوەی دەربڕیوە.

ماوەی چەند ساڵێكە شاعێرانی كوردی كرماشان و ئیلام جیا لە چاپ كردنی بەرهەمەكانیان بە شێوەی كتێب، شێعرەكانی خۆشیان بەدەنگ و بە شێوەیەكی رێكوپێك و تێكەڵاو بۆ مۆسیقا لە DVDدا بڵاو دەكەنەوە بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە كۆمەڵە شیعری گەرمەشین لە نووسینی عەلی ئۆلفەتی بكەین كە ئەم شێوە كارە یارمەتیەكە بە زیاتر خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبیە كوردییەكان لە ئیلام و كرماشان.

شەپۆلی بەربڵاوی بووژانەوەی فەهەنگ، زمان و ئەدەبی كوردی لە پارێزگای ئیلام كە لەسەر دەستی شاعێر، نووسەر و توێژەرانی ئەم بوارە دەستی پێكردووە بەردەوام لە گەشە كردن دایە و سەرەِای كێشە و گرفت و ئاستەنگەكان كە لەایەن ناوەندە فەرهەنگییەكانی حكوومەتەوە بۆیان دێتە پێش ئەم رەوتە هەر بەدەوام ەو لە رۆژانی رابردوودا هەواڵی دەست بەكار بوونەوەی ئەنجومەنی ئەدەبیی هانا نموونەیەكی بەرچاوی ئەم رەوتەیە.