پێشنیاری ئازادیی زیندانییەکی سیاسی بە مەرجی هاوکاری کردن

16:14 - 1 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە زیندانی ورمێ گوشاریان بۆ زیندانییەکی سیاسیی کورد هێناوە بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ بەرپرسانی زیندان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، کامران جەعفەری، زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە خراوەتە ژێر گوشار بۆ وتوێژی تەلەفزیۆنی.

ئەو زیندانییە کوردە هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر بەرپرسانی زیندان دەست لە گوشار هێنان بۆ سەر ناوبراو هەڵنەگرن، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەڕبڕین دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکات.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کامران جەعفەری بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان‌دا، مەئموورانی ئەمنیەتی لە دەرەوەی زیندان، بە کامرانیان گوتووە، ئەگەر هاوکاری بکەی، ئێمەش ئازادت دەکەین.

هەروەها ناوەندە ئەمنیەتییەکانی زیندان بەو زیندانییە سیاسیەیان گوتووە، لە ئەگەری هاوکاری نەکردن، ئەندامانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دەستبەسەر دەکرێن.

کامران جەعفەری خەڵکی شاری مەهابادە و لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا بوو، پاشان لە دادگای پێداچوونەوە، ماوەی زیندانییەکەی بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.