پێشنوێژی هەینیی ورمێ، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە حیزبە کوردییەکان کرد

15:00 - 22 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرەڕای تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور، تۆپبارانکردنی مەقەڕ و بنکەکانی حیزبە کوردییەکان بەردەوامە و بەرپرسانی حکوومەت، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە حیزبە کوردییەکان دەکەن.

ڕۆژی هەینی، ٢١ی پووشپەڕ، پێشنوێژی هەینیی شاری ورمێ، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران کرد.

\"سەید مێهدی قورەیشی\"، پێشنوێژی هەینیی شاری ورمێ، بە ئاماژەدانی بە کوژران و برینداربوونی ٤ کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت لە شاری پیرانشاردا، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە حیزبە کوردییەکان کرد.

ناوبراو ڕایگەیاند: \"بەدڵنیاییەوە، ئەم کارەی حیزبە کوردییەکان و پشتیوانەکانیان بێوڵام نامێنێتەوە و چاوەڕوانی وڵامی توندی سەربازانی ئیسلام بن\".

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، پاسدار \"ئووسانلوو\"، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، لە لێداوانێک لە شاری پیرانشاردا، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە حیزبە کوردییەکان کرد.