پێشنوێژی هەینیی نەغەدە: ڕێوڕەسمی شایی نابێت زۆرتر لە ٣ کاتژمێر بخایەنێت

16:28 - 23 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: پێشنوێژی هەینیی شاری نەغەدە لە نامەیەکدا بۆ ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەم شار، هوشداری دا کە ڕێوڕەسمی شایی و گوڤەند نابێت زیاتر لە سێ کاتژمێر درێژەی هەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"مەحموود ئیبراهیمی\"، پێشنوێژی هەینیی شاری نەغەدە، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەو شارە، بڕیاری داوە کە ڕێوڕەسمی شایی دەبێ کەمتر لە سێ کاتژمێر بخایەنێت و شامیشی لەگەڵ نەبێت.

لەو نامەیەدا داوا لە هێزە ئینتزامییەکان کراوە کە پێش بە دانی شام و بەڕێوچوونی زیاتر لە سێ کاتژمێریی ئەو شاییانەدا بگرێت. هەروەها لەو نامەیەدا هێنراوە کە هەر کەس بڕیارەکە پێشێل بکات، بەپێی یاسا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت و تاوانباران بە ئیدارەی ئەماکن دەناسێنن.

نامەی پێشنوێژی هەینیی شاری نەغەدە لە لایەن سپای پاسداران، ئیتلاعات و دادستانی شاری نەغەدەوە واژۆ کراوە.

بە وتەی پێشنوێژی هەینیی شاری نەغەدە، درێژەکێشانی شایی دەبێتە هۆی \"گەندەڵی\".

بەپێی ئەو نامەیە، هێزە ئینتزامییەکان لەگەڵ ئەوانەی کە زیاتر لە سێ کاتژمێر شاییەکەیان درێژە دەخایەنێت و شامیش دەدەن، بەتوندی هەڵسوکەوت دەکات و لە ئەگەری تێکەڵبوونی شاییەکە، شوێنی بەڕێوەچوونی شاییەکە دادەخەن و پەروانەی چالاکییەکەیان هەڵدەوەشێننەوە.

ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری نەغەدە، پاش وەرگرتنی نامەی پێشنوێژی هەینیی ئەو شارە، لە نامەیەکدا هوشداری بە چاپخانەکان داوە کە لە چاپکردنی کارتی شایی زیاتر لە سێ کاتژمێری خۆیان ببوێرن.