پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پاش سێ ساڵ برینداری گیانی لەدەست دا

18:34 - 19 پووشپەڕ 2722

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە، بە ناوی "موزەفەر مورادی" کە لە ئاکامی تۆپبارانکردنی بنکە و بارگاکانی کۆمەڵە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بریندار ببوو، کرد.

موزەفەری مورادی تەمەن ٤٤ ساڵ خەڵکی شاری کامێرانە و ماوەی ٧ ساڵ پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بووە.

دەقی بەیاننامەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە!

بەمجۆرە ڕادەگەیەنین هاوڕێ موزەفەر مورادی کە ڕۆژی ۱۱ی جولای ساڵی ۲۰۱۹ لە ئاکامی تۆپبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە ناوچە سنوورییەکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە سەختی بریندار ببوو و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی برینەکانیەوە ئازارێکی زۆری بینی و پاش ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەری بەداخەوە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ۱۹ی پووشپەڕی ساڵی ۱٤۰۱ی هەتاوی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی گیانی ئازیزی بەخت کرد.
لە ماوەی داهاتوودا وردەکاریی زیاترتان بە ئاگاداری دەگەیەنین.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
۱۹ی پووشپەڕی ۱٤۰۱ی هەتاوی
۱۰ی جولای ۲۰۲۲ی زایینی