پێشمەرگەكانی كوردستانی رۆژهەڵات گەیشتنە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ لەمەخموور

15:56 - 17 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: پاش ئەوەی هێزەکانی سەر بە حیزبەکانی كوردستانی ئێران بەكردەوە پەیوەست بە پێشمەرگەكانی هەرێمی كوردستان بوون، هەنووكە لەبەرەكانی شەڕ لەموسڵ، گوێڕ و مەخموور جێگیر كراون و سەرقاڵی شەڕ لەگەڵ رێكخراوی \"دەوڵەتی ئیسلامی\"‌ن.

رۆستەم جەهانگیری وتەبێژی ستادی فەرماندەیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەئاژانسی كوردپای راگەیاند، پێشمەرگەكانی دێمۆكرات بە مەبەستی پاراستنی سەروەری كوردستان و پشتیوانی لەهێزی پێشمەرگەی هەرێم لە \"گوێڕ و مەخموور\" لەشەڕ بە دژی داعش دان.

جەهانگیری ئەوەشی خستەڕوو، \"فەرماندە نیزامییەكانی حیزبی دێمۆكرات بەهاوكاری فەرماندەكانی پێشمەرگەی هەرێم سەرپەرستی هێزكانمان دەكەن\".

رۆستەم جەهانگیری وتیشی: \"ئێمە بۆ رێكخستنی هێزەكانمان ستادێكی فەرماندەیمان لەكەسانی شارەزای بواری نیزامی پێك هێناوە\".

رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ١٦‌ی گەلاوێژ نزیك بە ٢٥٠ پێشمەرگەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە چەك و چۆلی خۆیان لەسەر بڕیاری دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبە و بەمەبەستی یارمەتی دانی هێزی پێشمەرگە رەوانەی بەرەكانی شەڕ بەدژی داعش كران.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بەئاژانسی كوردپای راگەیاند، ناردنی ئەو هێزە لەسەر داوای بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا پارتی ئازادی كوردستانیش ژمارەیەك لەپێشمەرگەكانی رەوانەی بەرەكانی شەڕ كردووە و بەپێی زانیارییەكان لەدەورووبەری مووسڵ جێگیر كراون.

\"21317.jpg\"
لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانیش ئامادەی خۆیان بۆ شەڕ بەدژی داعش راگەیاندووە و دەوترێت بە كردەوەش پەیوەست بە بەرەكانی شەڕ بوون، بەڵام راستی و دروستی ئەو هەواڵە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپاوە پشتڕاست ناكرێتەوە.

شەڕ و پێكدادانەكان لەنێوان پێشمەرگەكانی كوردستان و \"دەوڵەتی ئیسلامیی\" لەحاڵی حازردا زیاتر لە ناوچەكانی موسڵ، گوێڕ و مەخمووردا چڕ بۆتەوە و فەرماندە نیزامییەكانی هەرێمی كوردستان باس لە كۆنترۆڵ كردنی بەشێكی بەرچاو لەو ناوچانە دەكەن.

لەبارەی شەڕ و نائارامییەكانی عێراقەوە حكوومەتی ئەمریكا و فەرانسە بڕیاری ناردنی فرۆكەی جەنگی و بوردومانكردنی مۆڵگە و حەشارگەكانی داعشیان داوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وێڕای پشتڕاست كردنەوەی ئەو هەواڵە وتبووی: هێرشی فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا زۆر ناوچە ناگرێتەوە و تەنیا چەند شوێنی دیاری كراو بوردومان دەكەن‌.

هەر لەو باریەوە باراك ئۆباما سەركۆماری ئەمریكا وتبووی: فڕۆكەجەنگییەكان زیاتر بۆ رزگار كردنی ئاوارەكان و بەتایبەت رزگار كردنی شاری پەنجاهەزار کەسی مەسیحی نشینی \"قەرەقووش\" رەوانەی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێن.
\"21318.jpg\"

\"21319.jpg\"