پێشمەرگە شنگاڵی ئازاد كرد

13:49 - 30 سەرماوەز 2714
ئاژانسی كوردپا: هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە چوونە ناو شنگاڵەوە بەشێكی بەرچاو لەگەڕەكە سەرەكییەكانی ئەو شارەیان لە چەکدارانی داعش پاک كردەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی كوردپا، زیاتر لە ١٠ هەزار پێشمەرگە بە گەمارۆ دانی شاری شنگاڵ، میلیشیاكانی داعشیان تێكشكاندووە و ئێستا بەشێكی بەرچاو لەشارەكە بەدەست پێشمەرگەی كوردستانەوەیە.

بەوتەی سەرچاوە هەواڵییەكانی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی پێشمەرگە بەم نزیكانە كۆنترۆڵی سەرجەم شاری شنگاڵ دەگرنە دەست.

فەرحان عەلی یەكێک لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە بە هەواڵدەرییە ناوخۆییەكانی هەرێمی وتووە، چەندین شوێن بەدەستی پێشمەرگەیەوە و ئەو هێزە چاو نەترسە لەحاڵی پێشڕەوی دایە و ئۆپەراسیۆنی شنگاڵیش بە سەرپەرەستی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە.

لەحاڵی حازردا هێزە ئەمنییەكانی كوردستان سەرقاڵی پاک كردنەوەی شوێنە بۆمب‌ڕێژكراوەكانن كە لەلایەن داعشەوە چێنراون.

\"23727.jpg\"
١٠ هەزار پێشمەرگە بە گەمارۆ دانی شاری شنگاڵ، میلیشیاكانی داعشیان تێكشكاندووە و ئێستا بەشێكی بەرچاو لەشارەكە بەدەست پێشمەرگەی كوردستانەوەیە
لەماوەی یەک حەفتەی رابردوودا هێزە هاوپەیمانەکان لەرێگەی فڕۆكە جەنگییەكانەوە بنكە و بارەگاكانی داعشیان بوردومان كردووە.

حیدەر عیبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپێوەندیەكی تەلەفونیدا لە گەڵ مەسعوود بارزانی، پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنەی لەپێشمەرگەی كوردستان كردووە.

دەوترێت لەو هێرشەدا نزیک بە چوارهەزار یەكەی نیزامی ئیزەدییەكانی و گریلا بەشدار بوون.

چەكدارانی داعش لە گەلاوێژی ئەمساڵدا توانیان بچنە نێو شنگاڵ و ئەو شارە كۆنترۆڵ بكەن.

كۆنترۆڵ كردنی ئەو شارە وەكوو كارەساتێک لەقەڵەم درا كە تێیدا هەزاران كەس لە كوردەكانی ئیزەدی كوژران و ژنان و كچەكانیان وەكوو دیل لەلایەن داعشەوە گیران.